دڵسۆزانی هونەر و فەرهەنگی کوردی، لە بەرنامەیەکی سێ رۆژەدا و لە داوێنی ئاربەبا، ڕێز لە کار و ماندووبوونەکانی سینەماکاری جوانەمەرگی کورد تەها کەریمی دەگرن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ کەوتووە، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە فەرهەنگییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هاوکاریی بنەماڵەی تەها کەریمی، لە دووتوێی پرۆگرامێکی سێ رۆژەدا لە ساری بانە باس لە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی ناوبراو دەکەن.

بەرنامەکە، کە سەردێڕی "رێبوارێکی سپی "گەشتێک بەناو خەونەکانی تەها کەریمی" بۆ دانراوە، کاتژمێر ٢١:٣٠ی ئەمشەو [سێشەممە ٣ی سێپتامبر] بە کاتی بانە، بە نمایشتکردن و هەڵسەنگاندنی بەڵگە فیلمی "هەزار و یەک سێو" دەست پێدەکا و، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەشدا، بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەی پێوەندیدار درێژەی دەبێ.

لیژنەی ئامادەکار هەر لەو چوارچێوەیەدا نامیلکەیەکی ٨٠ لاپەڕەیی لەسەر "جیهانبینی و بیرکردنەوە"ی تەها کەریمی ئامادە و بە چاپ گەیاندووە کە تێیدا، بێجگە لە ژیانی هونەرمەند، لە گۆشەنیگای جیاوازیشەوە جیهانبینی، داڵغە هونەری و نەتەوەییەکانی ئەو سینەماکارە ئانالیز کراوە.

ـ تەها لە تەمەنی کورتی هونەریی خۆیدا نیشانی دا کە خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەتە کە لە ڕامانی قووڵی مرۆڤێکی بەهەڵوێست بۆ سروشتی دەوروبەر، خەم و ئازاری نیشتمان و خەونە مرۆییەکانیەوە سەرچاوەی گرتووە؛ پێشەکیی نامیلکەکە بەو دێڕە دەست پێدەکا و ئاماژە بەوەش دەکا کە لە رووی فیلمەکانی تەها کەریمییەوە "بۆمان دەردەکەوێت کە [ئەو] بە تێڕوانینێکی مرۆیی و کوردانەوە لە دەوروبەری خۆی ورد بووەتەوە و هەوڵی داوە لەڕێگەی هونەری سینەماوە، گۆشەیەک لە ڕەنج و ئازاری نەتەوەکەی بگێڕێتەوە."

تەها کەریمی، لە ٢٩ی مانگی مەی ئەمساڵدا، لە ئاکامی پێکدادانی دوو ترومبێل گیانی لە دەستدا. ئامادەکارانی پرۆگرامە سێ رۆژییەکە لەو چوارچێوەیەدا هەڵمەتی "تکایە ئیتر خێرا مەڕۆ"یان لەناو شوفێرەکانی شاری بانەدا دەست پێکردووە.

بەرنامەکە، کە یەکێک لە ئامادەکارانی بە "فێستیڤاڵێکی خنجیلانە بۆ خەونەکانی تەها کەریمی" وەسفی دەکا، لە رۆژی دووهەمی خۆیدا فیلمی " فیلمی من بکرێگیراوێکی سپیم" نمایشت دەکا کە دواتر لەلایەن شارەزایانی بوارەکەوە قسەی لەسەر دەکرێ. 

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، کە دوایین ڕۆژی ئەو بەرنامەیە، فیلمێک لەسەر ژیانی سینەماکار پیشان دەدرێ و دواتریش، پانێلێک لەسەر "کەسایەتی و بەرهەمەکانی هونەرمەند" بەڕێوە دەچێ. یەکدابەدووی پانێلەکەش فیلمی "٢٤ کاتژمێر لە دوایین ساتەکانی هونەرمەند" پیشان دەدرێ و لە کۆتاییشدا پەیامی بنەماڵەی کەریمی پێشەکەش بە بەشداران دەکرێ.

شیاوی ئاماژەیە کە فیلمەکانی "کوێستانی سپی" و "کوێستانی قەندیل"، لەلایەن ئیدارەی ئیرشادی شاری سنەوە ئیزنی نمایشتکردنیان پێ نەدراوە.